هەوا ساف، دەڵێی مانگی گوڵانە، وڵات جوان شین بووە، تینی و تیشکی تاو وڵاتی دەبەرەخۆ گرتووە، لە نەخۆشخانەی خودکەفایی هەڵکەوتوو لە سیلەی چواڕ ڕێیانی ئازادی بەدەم نۆرەی دوکتۆرەوە دانیشتبووم، لەبەر نەخۆشان هەر زرمەی دێ، دەڵێن ئاهۆیە، زۆر کەسی گرتۆتەوە، لەبیری ئەوە دابووم ئاخۆ ئێمە ئاستی هێزی سیستمی بەرگری جەستەمان هاتۆتە خوارێ، یا هەر کابرا پشمی خۆ دەگەیەنێتە دوکتۆری؟! لەپڕێک گووشییەکەم زەنگی خوارد، سەیید موبین بوو؛ گوتی: ئەوە لە سەردەشتێ‌ ڕا دێمەوە و بۆ شەو میوانمان دەبێت، منیش گوتم: میوان ماڵە خۆیەتی، گوتی: چەند کەسم بانگ کردووە. گوتم: زۆر پیرۆزە، گوتی: مامۆستا “مەلا سوهەیب عەلی” و یەک دوو کەسی ترن.  
ئاها! هاتەوە بیرم کە دوێنێ بنکەی ئەدەبی موکریانی مەهاباد ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە کە ئەمە دەقی بڵاوکراوەکەیە: بنکەی فەرهەنگی هونەری موکریانی مەهاباد (ئەنجومەن ئەدەبی) بەڕێوەی دەبات: خوێندنەوە و شڕۆڤەی شێعری سۆهەیب عەلی. وتاربێژەکان: عەبدولقادر نیازی، شەویار گولابی ئازەر و جەلال پوورحەسەن. ڕێکەوت؛ چوارشەممە 2ی ڕەشەمەی1402ی‌ هەتاوی. کات؛ کاتژمێر  3/30ی  ئێوارە. شوێن ؛ ژووری تایبەتی ئەنجومەن ئەدەبی هەڵکەوتوو لە ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی مەهاباد. هاتن بۆ هەمووانە.
دوای نوێژی ئێوارێ چووم بۆ بنکەی ئەدەبی موکریان تەماشام کرد دوو سێ سەندەڵی نەبێ جێی خاڵی نەمابوو، لیپاولیپ دانیشتبوون. لە نێوان عەبدولقادر نیازی و جەلال پورحەسەن دانیشتم. پێشکێش‌کار خاتوون نەرمین ئیبڕاهیمی ئازەر بوو، چوار و چارەگێک دەست‌ پێ‌کرا، وێڕای ناساندنی کورتی شاعیر واتە کاک سوهەیب عەلی و ئاماژە کردن بە ڕێکەوتی 2ی ڕەشەمە کە هاوکاتە دەگەڵ ڕێزگرتن لە زمانی زگماکی، هەر وەها ڕۆژی لە دایک بوونی مامۆستا هەژا، ئێوارەکۆڕەکە بە خوێندنەوە و شڕۆڤەی شێوازی شێعری "سپی" لە نووسینی سۆهەیب عەلی لە لایەن بنکەی فەرهەنگی هونەری ئەدەبی موکریانی مەهاباد (ئەنجومەن ئەدەبی) بە بەشداری نووسەران، ئەدیبان و ڕەخنەگران بەڕێوە چوو داوای لێ‌ کرا بێتە پشتی میز و هۆنراوکانی بۆ دانیشتووان بخوێنێتە، بەڕێزیان دوای پێزانینی خۆی سەبارەت بەو دەرفەتەی لە کۆڕی ئەدەبی چەند شێعری خوێندەوە. یەکێ لەوان عەینەکەکەت دانێ؛ 
عەینەکەکەت دانێ
ئێرە شێعرێکی مەحوییە
سەر زەمینێک تەمایەر بە قیامەت
حاشا لە بوتخانەبوونی چاوت ناکرێ
لە دوای ئەم هەموو شێتە
با ڕازی موژەت دەرکەوێ
بۆ ئەوانەی هێشتا لە میتافیزیکدا فیلسووفی دەکەن
با دایکم بزانێ بۆ گۆڕام
ئێرە شارێکە زەرد
لە ئاسمانی مارکس و کۆمۆنیستە دۆڕاوەکاندا
گەردوون ناتوانێ تێمگەیەنێ و
من بەقەدەر هەموو جۆگەکان تینووم... 
"لە سەیری خەستەخانەی ئەو سەوزەی کەوا شینە"
ئێرە شارێکی ترە بە دیوی تۆدا
غایەتی هەموو پەنجەرەکان و دەرگاکان و جادەکان و مینووبووسەکانی
شتێک لە جنسی قیامەت
لە جنسی ئاڕمان شارێکی ئەفلاتوونی
ئەم فەلسەفەیە سەدان ساڵی تر گەمژەکانی پێوە سەر قاڵە
"خەستەم"
عەینەکەکەت دانێ
بەشی حەشرێکی بێ وادە و زووتر لە قیامەتێکی ئاسایی
ـــ پەرژینێ قایم بێ ــــ
" دۆڕاوم " و
لە هێڕمنۆتیکی قژی لوولتا
پەسا شێتیسمێکی حەیرانم و
دەنگی گۆرانی " یاسین و یاشین"
کافرتر سەوزم ئەکات
بۆ تۆیە
مزگەوتی ناوێ ئەم نوێژە،
لە کافە کتێبی چاوتا
گیراتر ئەینووسن
فریشتەکان
من بە ڕۆحتا سەر ئەخەن
ئێرە بەهەشتێکی ترە و تا سێف خۆی هیچ ناقۆمێت
فریشتەکان من بە هەناوتا سەر ئەخەن
ئەمنووسن بە "فیرووزەیی" ترین عارف و بە شین ترین تەقەددوس...
بەو عەینەکەوە نادیاری نازەنین
ناخۆشی ئەم عەرزە و هەموو گردوون ئەوەیە
نادەرکەوتووی
لێرە
وەک لە ئارشیڤی هەموو مۆسیقاکاندا
لەو گێچەڵووکە دەروێشانەدا
تێکەڵاوی
بە تێکەڵاوی وجوود
تا بڕوی ــ با ـــ
تا گەردوون بگرێ ـــ مرۆڤ ـــ
تا چاو کار کا ــ چاوـــ
ــــ پەرژینێ قایم بێ ــــ
زەوی شوێنێکی قەرەباڵغی شێتە
بۆ بەم عەزابەم ئەبەی
بە چاوتا
ئەگەر لە خۆم و لە خوا تێ نەگەم 
لە خۆ گۆڕاوێکێ "بەنگیم"
چ زوو تەسلیمی تەقدیرم
چ زوو تەسلیمی "سەرنوشتی ئەهلی دڵ " م
مەرگە
جوانەمەرگی شۆخییەک بوو
جوان هەڵی گرت
چ زوو "زەمانە وەزعی گۆڕی" و
پیری بۆ نەهێشتینەوە
تیایدا دوو خاترە باس کەین
دوو جۆش بگرین و لەخۆمانۆ ئاخێ هەڵکێشین
بەمناڵیش دوو شۆخیمان نەکرد/ئەزانی؟
جوانەمەرگی هات و شەرعی پێ گرتین
ـــ پەرژینێ قایم بێ ـــ
بە جادەیەکم بناسێنە کە موسافر بۆ مەستی ببات
بۆ مەستی
هەنگاوم پێ نێ
تا کەی لەخۆمەوە فامی مێخەک و عەتر و ماتیک بکەم

بە دیدەی "غەمزە مەخموورت"
حەشرم کە
زەوی شوێنێکی قەرەباڵغی شێتە و
"مەلا تەڵقینی " منی پێ لەبەر ناکرێ
من عاشق ترم...
ئێرە شێعرێکی مەحوییە و
"لە قاپی فەیزەوە" دێیت  و نایەیت
دێیت و نایەیت
لە نادیاریتا
"شەهیدی غەمزە" منم
بە مەستییەکدا بمبە نەگات بە جەحانم و بە خزمەکان و بە باوکم
وا ئەزانێ مەس بوون حەرامە؟!
نازانێ ئانلاینی تۆ چۆنە
باوکم
ئێژێ ئەیخوازین بۆت.
ههه. ههه
"سەقیمی عیشوە "ی حەشرستانی ئەم مۆدە
منم
شۆخی بازە باوکم
قەڕنی بیستویەکی چاولێگەرییە
بێژن فریای پیریم کەوێ لەم حەشرا
هەر خاسە شێتیش نیم؟!
باوکم
جوانەمەرگی شۆخی بوو....

سوهەیب عەلی
چەند هۆنراوەی تری پێش‌کێش کرد. شێعرەکان پڕ لە هەست بوون، پڕ لە وشەی ئایینی، بەڵام بە مانای جۆرێ‌تر و بە دیوێکی دیکەدا و بە خوێندنەوەی جیاوازەوە. سەرجەم باس لە عیشق و ئەوین بوو، کە من لێزانی ئەم بوارە نیم بۆیە لێی نادوێم، دوایی چەپڵەیەکی تووندیان بۆ لێدا. 
لەم ئێوارەکۆڕەدا سەرەتا سۆهەیب عەلی چەند شێعرێکی پێشکەشی بەشداربووان کرد و دواتر داوا کرا لە کاک جەلال پوورحەسەن وەک ڕەخنەگر هەڵسەنگاندنێک بۆ شێعرەکانی ناوبراو بکات کە بەڕێزیان  گووتی تا دووی شەو نەنووستووم، و سەرقاڵی لێکدانەوە و شڕۆڤەی شێعرێکی سۆهەیب عەلی بووم کە باسی لایەنە جۆراوجۆرەکانی شێعرەکەی کرد. باسەکەی کاک جەلال لە ژێر ناوی، “لێکدانەوەی ناوەرۆکی شێعری "بە ئێمەی گوتبێ"ی سوهەیب عەلی بە سەرنج بە نیشانەشناسی شێعر. 
دوای بەڕێزیان، خاتوو شەویار گولابی‌ئازەر بۆ تاوتوێ‌کردنی بابەتەکە بە وتارێک لە ژێر ناوی "پەیڤ‌وێژی و بەردەنگ‌تەوەری لە شێعری سۆهەیب عە‌لی"دا بەشداری کرد. سەرەتا تیشکی خستە سەر بۆنە و ڕۆژیادی ڕێزگرتن لە زمانی زگماکی و داوای لە ڕۆشنبیران و ڕۆشنفکرانی وێژە و ئەدەب و فەرهەنگ کرد کە بە سرنج‌دان بەم ڕۆژە هەموو لایەک هەوڵ بدەن لە جیاتی کەڵک‌وەرگرتن لە دەستەواژەی "زمانی دایک" هەوڵ بدرێت بۆ جێگیر بوونی دەستەواژەی" زمانی زگماکی" یاخود زمانی نیشتمانی، کە گونجاوترە و پێوێستە بە هوشیارییەوە لە دەستەواژەی درووست‌ و واتادارتری زمانی کوردی کەڵک وەربگێرێت.پاشان گووتی: من وتارەکەم لە چەند لاپەڕەدا نووسیوە بەڵام بۆ باش‌تر پێوەندی پێکهێنانی لایەنی بەردەنگ لە ڕووی نووسراوەکەم نایخوێنمەوە  و پوختەی بابەتەکە دەخەمە بەر باس و لێرەدا پێشکەشی بەڕێزانی دەکەم ،باسی لە پێکهاتەی شێعری گوفتار و مێژووی سەرهەڵدانی ئەم شێوازە شێعرییە کرد هێڵکاری نێوان شێعرەکانی سۆهەیب و شاعیرانی ئەم ڕەوتەی خستە بەرباس و لێدوانی تایبەتەوە کە نیزیکی بیست‌وسێ خولەکی کێشا، دوای پشوودانێک چووینە دەرێ و چەند وێنەیەکمان کێشا. دەمویست بچمەوە ماڵێ،بەڵام کاک سالار پوورمەند؛ گووتی: پێم خۆشە تا کۆتایی کۆڕەکە لێرە بی. گووتم: باشە بەڵام کە لە بانگی شێوان نیزیک بۆوە بەجێتان دەهێڵم.
ئەمجار، نۆبە گەییە کاک عەبدولقادر نیازی، سەرەتا باسی لە دووی ڕەشەمە کرد کە ناودێر کراوە بە ڕۆژی زمانی دایکی واتە زمانی زگماکی کە دەبێ بگووترێ هەموو ڕۆژێ، ڕۆژی زمانی دایکە ، پاشان بە هورووژاندنی چەند بابەتی فەلسەفی وەک پێشەکی لەسەر شێعرەکانی سۆهەیب عەلی دەستی پێ کرد و خوێندنەوەی بۆ شێعرێکی سۆهەیب عەلی بە ڕوویکەردێکی لاکانی کردبوو . وتارەکە لەژێر ناوی"سووکە ئاوڕێک لەسەر ڕەهەندەکانی خۆدەرخستنی سوژە و بە قەیران کردنی سەعاتی نمادین دە شێعری سوهەیب عەلی‌دا'. من لە کۆتایی باسەکە لەبەر جەماعەتی نوێژی شێوان(مغرب) هەستام و  لە مامۆستا سۆهەیب عەلی و هاوڕێیانی بۆ شام تەشریف بێننەوە ماڵێ و وەک خانەخوێی دەخزمەتیان‌دا بین.
کاک سوهەیب عەلی، کاک مەلا مەتین فاتحی، کاک هەڵگورد ئەمینی(سەردەشتی) تەشریفیان هێنا و دانیشتین. بەر لە هاتنی کاک عەبدولقەدر چەند بابەتن باس کرد، باس لە فەلسەفەی ئەمڕۆ کرا کە پڕە لە دەستەواژەی ئۆبژە، سوژە و وشەگەلی زۆر ڕەق و سەخت و... کاک سوهەیب گوتی: فیلسوفانی ئیسلامی زۆر زوو وەستایانە توانیان بۆ ئەم دەستەواژانە کە لە یونان ڕا ڕاگۆێزراونەتە وڵاتانی ئیسلامی وەرگێڕان بکەن، وەک جەوهەر و عەرز و ... زۆر دەستەواژەی تر کە ئەمانە لە زمانی یونان دا وشەگەلی ترن، بەڵام فیلسووفانی ئێستاکە نەیان توانیوە موعادیل و هاوتا بۆ وشەگەلی ئەمڕۆکەیی پەیدا بکەن، بۆیە دێن ڕاست ئەوی دەنووسنەوە یا مانای دووەمی لێدەگرن و لە کەوانەدا وشە ئینگلیسییەکەی دادەبەزێنن. بەڵام کەسانێ وەک موستەفا مەلەکیان تا ڕادەیەک توانیوییەتی ئەم پڕۆژەیە بە سەرکەوتویی بەرێتە سەرێ.
کە باسی رووناکبیری دینی کرا، گوتم دوکتۆر سروش، مستەفا مەلەکیان، زۆریان هەوڵ دا، پڕۆژەکەیان زۆر بە جێ بوو، شتانێک بە ناوی دین بە پیرۆز دادەنران، ئەوانەیان سڕێوە، بەڵام زۆر لە شتەکان قوڵ بوونەوە، بەربڵاوتریان کرد، کە بە داخەوە هەندێک لە نەگۆڕەکانی ئایینیان هێنا ژێر پرسیار کە من لەگەڵی هاوڕا نیم و پێموایە، سووک کردنی شتەکەیە.

گوتم: لەسەفەرێک دا بوو بە سەردەشت لە خزمەت “مامۆستا مەلا سەیید ڕزا حوسەینی”م بووم بۆی گێڕامەوە کە کاتێ لە خزمەت حاجی “مامۆستا سەیید نورەددین واژی”بووم، بە خزمەت “حاجی عەدە”گەیشتین کە زۆر عالام بوو، حاجی مامۆستا سەیید نورە بەڕێزەوە لە سەر چووک دانیشتبوو، ئەم پرسیارەی لێکرد: قوربان لە نێوان “مامۆستا مەلا موحەممەدی گەڵاڵە” یاهەمان ڕەئیس بۆکانی لەگەڵ “مامۆستا مەلا باقری بالک” کامەیان عالم‌تر بوونە؛ فەرمووی مامۆستا گەڵاڵەی جامیع‌تر بووە، بەڵام دوسەد ساڵیش دەبێ کورد فەیلەسووفی وەک مامۆستا مەلا باقری بە خۆوە نەدیوە، مامۆستا سوهەیب فەرمووی بەڵێ شەوێ دیکە کە لە پەسوێ لە خزمەت حاجی مامۆستا سەیید نورەو مامۆستا سەیید جەماڵ واژی بوومە وای فەرموو. گوتم خۆزیا کرابا مامۆستا باقر چووبا بەغدا، تاران، ئەلئەزهەر کە باشتر ناسرابا، گوتم مامۆستا مەلا عەبدولکەریم مودەرریس بە چوونی بۆ بەغدایە ئاوا ناسرا، بەڵام شتێک کە بەلامەوە گرینگە ئەوەیە مامۆستا مەلا کەریم کە دەستی بۆ قەڵەم برد، یا مامۆستای خاڵ هەر دووک، قوتابی و لە فێرگەی عەللامە قەرداغی دابوونە، کە هانی داون بۆ نووسین.
گوتم دوکتۆر بایز ئادەم موکری بۆی گێڕامەوە؛ گوتی: وابزانم ساڵی ۱۳۶۴ی هەتاوی بوو کۆنگرەیەک بوو لە مەشهەد بەڕێوە چوو، ئەوکات لاوو بووم “کێبەرکێی قوڕئان”ن هەبوو. ئەوکات ئاغای هاشمی ڕەفسەنجانی سەڕۆکی مەجلیس بوو، ئەویش لەوێ بوو، دوکتۆر عەبدولکەریم سرووش لەوێ بوو. دوای موسابیقەی قوڕئان باس هاتە پێشێ خەڵکی کوێن و لە کوێتان خوێندووە؟ واتە قوڕئان، دوکتۆر عەبدولکەریم سرووش لێی پرسیم: گوتم خەڵکی “مەهاباد”م و لە خزمەت مامۆستا “شێخ ئیسماعیل شەمسی بوڕهان” گوتی خەڵک چۆنی دەناسن؟ گوتم: وڵاهی قەت ڕیزێک نییە لە پشتەکەی. گوتم نوێژ خوێنانی ئەم مزگەوتە لە پشتی مامۆستا نەم دیوە ڕیزێک بێ. دوکتۆر سروش گوتی: کورد وەک مە بەداخەوە مردوو پەرەستن، شاریکەندێک(مامۆستا مەلا عەبدۆلکەریم شاریکەندی)هەبوو کەس نەیدەناسی دوایە ئەگەر تیرۆر کرا شەقام و قوتابخانەی بە نێو کرا.
ئاغای “ئیسماعیل شەمسی بوڕهان” پرسیاری مەولەوی ناسی، عیرفانی، فەلسەفی، هەرچی دەمان بێ، ئێمە بۆوی دەنێرین. دەریای زانستە، لە بەستێنی عیرفان و بابەتی جۆراو جۆر، ڕەنگە بەڕێزیان منی لە تی ڤی و مێدیا دا  دیتبێ بەڵام من قەتم ئەو نەدیوە. زۆر زوو وڵاممان بۆ دەنێرێتەوە. خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا شێخ ئیسماعیل مەلای مزگەوتی مەولەوی مەهاباد بوو.
باس لە مامۆستا مەلا حەمە یوسف ڕەهنموون کرا، کە تا لە مەریوان بوو نەناسرابوو، کە چ ئەدیبێکە، بەڵام کە چۆ سولەیمانییە، ناسرا.
باس لە بیرو بۆچوونەکانی دوکتۆر ڕەهبەر مەحموودزادە کرا بە تایبەت لە سەر مامۆستا مەلا عەبدولکەریم مودەرریس، کە چەندەی خزمەت بە ئەدبیات و دیوانە شێعرەکانی کورد کردووە، یا باس لە خزمەتەکانی پڕۆڤسۆر موستەفا زەڵمی دەکات.
باس لە نەچوونە ژێر چاپی کتێبەکەی خۆم، واتە “کردستان در دوران فتوحات اسلامی” وەرگێڕانی کتێبی کوردوستان لەبەر دەم فتوحاتی ئیسلامیدا.

ناساندنی مامۆستا مەلا سوهەیب عەلی:
سوهەیب عەلی/ لەدایک بووی ئاوایی تووتمەرە لە ناوچەی مەریوان. ساڵی ١٣٧٢ هاتوەتە دونیاوە. هەر بە مناڵی بەدەم شوانی کردنەوە هەستی بە بوونی شێعرییەت و حەز و خولیای بە ئەدەبیات کردووە. خوێندنی مەدرەسەی تەواو کردووە و لیسانسی ڕەوانشناسی وەرگرتووە. ئیجازەنامەی زانستی مەلایەتیشی وەرگرتووە و ساڵی ١٣٩٨ لە خزمەتی عەللامە مەلا مەحموود مودەڕڕسدا لە ئاوایی نگڵ، ئیجازەنامەی وەرگرتووە. لە ساڵی نەوەد و شەشەوە، بە زۆری وەک شاعر ناسراوە و کاری شێعری دەکات. تا ئیستە بەرهەمی شێعری چاپ نەکرووە و زۆرتر لە تۆڕەکۆمەڵاییەتییەکان کەڵکی وەرگرتووە بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی. کتێبێکی بەناو عاشقێک لە بنەماڵەی پێغەمبەردا چاپ کردووە. کتێبێکی شێعری لە بەر دەستی دایە بۆ چاپ بە ناو«بێ تۆیی مردنە لە شەممەیەکی بێ گۆرانیدا». سوهەیب عەلی ئێستە لە مەریوان دەژی.
دوایی کاک عەبدولقادر تەشریفی هێنا. یەک دوو شتم، لێ گێڕانەوە؛ جارێک لە بنکە بووین بۆ یەکێ لە شاعیران چەپڵە لێدرا، گوتی پێمخۆشە ئەوانەی چەپڵەیان لێدا لەبەر چی بوو؟ لە بەر کام جێگای هۆنراوەکە بوو. باسی لەوە دەکرد کە ئێمە ئیحساساتین، ئەگەر دوو وشەی تێدا بوو، چەپڵە لێدەدەین.
باسم لە وتارەکانی کاک عەبدولقادر کرد، کە قورسن، زۆر خۆ بە دەستەوە نادەن، گوتی: زۆرتر مەبەستم ئەمەیە کە خوێنەر بتوانێ ئاست و جەغزی زانستی خۆی بەرێتە سەرێ.
باس لەم ڕەخنەیەی کاک عەبدولقادر کرا لە “مامۆستا شێخ عیزەددین” کە لە حەوتەنامەی پەیامی کوردوستان چاپ و بڵاو کرابۆوە و لە لایان خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا موحەممەد عەباسی بە فاکس بەدەست مامۆستا گەیشتبوو لە هەندەران. مامۆستا زەنگی بۆ لێدام و گوتی پێمخۆشە ئەم ڕەخنەت گرتووە و  زۆریشی سپاس کردم. کە ئاوا ڕاشکاوانە ڕەخنە لە من دەگری.

باسی لە مەرحوومی مامۆستا “مەلا موحەممەد نیازی” باوکی کاک عەبدلقادر کرا کە لەگەڵ کاک عەبدولقادر وەک ڕەفیق وابوونە، کە چەند نمونەیەکی هێنانەوە دیسان ئاماژە کرا کە مامۆستا لە پەنا قوڕئان، ڕێنووسی کوردی فێر کردم. کاک عەبدولقادر هەمیشە شانازی بەوە دەکا کە موسڵمانە و کوڕە مەلایە، لە هەر جێگایەک دژ بە دین قسە بکرێ یەکەم کەسە کە ڕادەوەستێ، باسی لە سەفەری باشوور کرد کە تۆقەی لە گەڵ ئافرەتەکە نەکرد و چی لە کۆڕەکە کرا.

ئەوە ئێوە و ئەمەش کورتەیەک لە ژیانی عەبدولقادر نیازی…
عەبدولقادر نیازی لە دایکبووی 11 ی ڕەشەممەی1358 ی هەتاوی لە ئاوایی ماسۆی سەر بە شاری مەهاباد. خوێندنی سەرەتایی هەر لەو ئاواییە بووە و بۆ خوێندنی ناوەندی چۆتە ئاوایی مەمەلیان و بۆ خوێندنی کۆتایی هاتۆتە مەهاباد و تا پلەی کارناسی ڕەوانناسی هەر لە مەهاباد بووە. بە هۆی ئەوەی کە لە بنەماڵەیەکی ئایینی بووە بە یارمەتی باوکی بەڕێزی (جەنابی حاجی مامۆستا مەلا موحەممەد نیازی)، هەر لە سەرەتای دەستپێکی خوێندن لە قوتابخانە، هاوکات خوێندنی قوڕئانی پیرۆز و زمانی کوردی بە شێوەی ڕۆژانە لای باوکی دەست پێ کردووە.بەڵگەنامەی کارناسی باڵای لە ڕشتەی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە کەلتوورییەکان(مطالعات فرهنگی) لە زانکۆی سمنان وەرگرتووە. نیازی پتر لە بیست و پێنج ساڵە ئەندامی بنکەی ئەدەبی و هونەری موکریانە و هاوکاری بەشی هەرە زۆری ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان و هەروەها گۆڤارە خوێندکارییەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور بووە و خاوەنی پتر لە هەزار یادداشت و وتاری ئایینی و ئەدەبی و سیاسی و کۆمەڵایەتییە. نیازی هەروەها خاوەنی چەند کتێبی شێعرە بەڵام هێشتا دەرفەت و دەرەتانی چاپ و بڵاو کردنەوەیانی نەبووە. زستانی 1402 یەکەم کتێبی شێعری عەبدولقادر نیازی بە نێوی(لێرە زەوی بەرابەرم) هاتە نێو ماڵی کتێبی کوردی. عەبدولقادر نیازی ئێستا لە مەهاباد دەژی و خەریکی نووسین و کاری ڕۆژانەیە...

۱۱ی ڕەشەممەی ۱۴۰۲ی هەتاوی